شاعیر: موفتی پێنجوێنی
کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی
سەرناو: شاری هەڵەبجە ئەمڕۆ خۆشحاڵ و بەختیارە

شاری هەڵەبجە ئەمڕۆ خۆشحاڵ و بەختیارە
فەقیر و دەوڵەمەندی بێ دەرد و بێ جەخارە

قایم مەقامی تازە یەعنی ڕەشید ئەفەندی
ویژدان و ڕەحم و لوتفی پڕ شەوق و شوعلەدارە

ڕەشید و مەرد و بێباک خەنیمی ئەشقیایە
بەبێ تەماع و بەرتیل باوکی کز و هەژارە

نەوەک هەڵەبجە هەر خۆی دێهات و ناحیەشی
بێ دەرد و خەم بەجارێ خەریکی ئیش و کارە

دەردێ نەبوو دەوای بێ دادێ نەبوو ڕەوای بێ
کارێ نەبوو کە بکرێ بێ ڕۆن و فەرش و پارە

نەک من بڵێم بەتەنیا عالەم هەمووی ئەزانێ
ئاساری ئەو لە هەر لا مەعلووم و ئاشکارە

وەختێ کە ئەمری نەقڵی بۆ بێ لە هەر وڵاتێ
ئەو قەومە پاکی مات و پەشێو و گریەبارە

خاکی ئەوی لەسەر بێ سەیران و شەوق و زەوقە
بەهەشتی سەرزەمین و هاوینی وەک بەهارە

موفتی قسە و بەیانی سەر پاکی بێ ڕیایە
شیعری هەمووی لە ژیندا تەئریخ و یادگارە